رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە پەیام و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە داوای کردبوو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ژێر رۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک ئامادەین بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان."
مەحموود محەممەد ئاماژە بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش دەکات و دەڵێت: "هاوکات سازدانی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێکەوە وەڵامدەرەوەی ویست و ئیرادەی هاونیشتمانیانمان بین و ئەم قۆناغە بە سوودی گەل و نیشتمانەکەمان تێپەڕێنین."
بارەگای بارزانی دووشەممە 09-11-2026 راگەیێندراوێکی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە کە داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردبوو، لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
سەرۆک بارزانی هەروەها گوتبووی: "زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە".
چوارشەممە 04-11-2026 بە بەشداریی 52 پەرلەمانتار، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد، رۆژێک دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رەتکردەوە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی رایگەیاند: "لەم دەقەیەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە، هەموو هێزمان بەکاردەهێنین خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە بۆیان بکەین".



