رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی سنووریی مەندەلی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەخرێت و دەروازەی شیبیش دوای مانگێک لە داخرانی، دەکرێتەوە.
سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کاژێر هەشتی بەیانیی ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی شیب لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێتەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی پێداویستییە تەکنیکییەکان و رێکارە پێویستییەکانیان تەواو کردووە بۆ کردنەوەی بۆ گەشتی گەشتیاران و گواستنەوەی کاڵا.
لە 21ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەروازەی سنووریی شیب لەنێوان پارێزگای مەیسان و کۆماری ئیسلامیی ئێران داخرا، ئەمەش خۆپیشاندانی لەو پارێزگا زۆرینە شیعەیە لێکەوتەوە،
پاساوی حکومەت بۆ داخستنی دەروازەکە، دووبارە ئامادەکردنەوەی بوو.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە کاژێر هەشتی بەیانیی 13ی تشرینی دووەمەوە دەروازەی سنووریی مەندەلی لە سنووری پارێزگای دیالە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەخرێت.
مەندەلی ناوچەیەکی کوردستانییە و بە گوێرەی مادەی 140 ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هۆکاری داخستنەکەش، دەستەکە رایگەیاندووە، بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەى دەروازەکەیە بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی باران، کە ئەگەر هەیە کاریگەری لەسەر هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلەکان هەبێت لەنێو دەروازەکەدا.



