رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی مهاباد دەڵێت، لە ماوەی زیاتر لە 7 مانگی رابڕدوودا 36 کەس لە رێگەوبانەکانی شارەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
ئیسماعیل کەیکاوس، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی مهاباد، ئێوارەی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاتووچۆی شارەکە رایگەیاند، لە 21-03-2026ـەوە تاوەکو ئێستا واتە لە ماوەی زیاتر لە 7 مانگدا، 36 کەس لە سنووری شارەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی مهاباد، بەراورد بە پار گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە رێگەوبانەکانی شارەکە 10٪ زیادیکردووە.
ئیسماعیل کەیکاوس گوتی، تەنیا لە 10 رۆژی رابڕدوودا، 7 هاونیشتمانی لەسەر رێگەی نێوان مهاباد و شارەکانی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
رێگەی نێوان مهاباد-بۆکان کە بە جادەی بۆرهان-یش بەناوبانگە، یەکێک لەو رێگەیانە کە زۆرترین رووداوی هاتووچۆی لێی روودەدات و بەو هۆیەشەوە لە نێو خەڵکدا بە (رێگەی مەرگ) دەناسرێت.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بەهۆی خراپیی رێگەوبانەکان، کۆنی و کواڵیتی خراپیی ئۆتۆمبێلەکان و تیژڕۆییی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-3-2026، 19 هەزار و 540 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە.

