رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 8 مانگ بەسەر جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لابردنی پاشماوەی ئەو باڵەخانانە دەستیپێکرد بەهۆی بۆردوومانەکانەوە وێران ببوون. بەرپرسێکی شارەکە دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، ئەمین عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی شاری مەریوان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی جەنگەکەدا، بە کۆی گشتی هەزار و 208 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە سنووری شارەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
سەبارەت بە ئاستی وێرانکارییەکانیش، عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە 28 یەکە بە تەواوەتی وێران بوون و دەبێت سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە، هەروەها 493 یەکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە. زیانی یەکەکانی دیکەش بە سووک پۆلێن کراون، وەک شکانی جام و تێکچوونی کەلوپەلی نێو ماڵ و دووکانەکان.
سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی مەریوان ئاماژەی بەوە کرد کە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵسەنگاندن، ئۆپەراسیۆنی لابردنی پاشماوەی رووخاوی ئەو باڵەخانانەی پێویستیان بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە هەیە بە دابینکردنی بودجەی تایبەت دەستیپێکردووە.
ئەمین عەبدوڵڵاهی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تاوەکو ئێستا 120 ملیار تمەن وەک قەرەبوو بەسەر بەشێک لە زیانلێکەوتووانی مەریواندا دابەشکراوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای سنە، لە ماوەی جەنگە 40 رۆژەییەکەدا، زیاتر لە 13 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا بەهۆی هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.


