رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەدژی دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە و داوایان کردووە فەرمانسالارى دەربکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێک کە لەو دانیشتنەدا دراون.
سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە پێمان راگەیێندراوە کە دوو سکاڵا لەو دادگەیە تۆمار کراون لە دژی کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان."
دەقی هەردوو سکاڵاکە دەستی رووداو کەوتوون، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى دیوانى ئەو پەرلەمانە لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراون.
4ی تشرینی دووەمی 2026 پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن ئاسۆس عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دیوانی ئەو پەرلەمانە تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستان کە لە چواری تشرینی دووەمی ئەم ساڵ کراوە، بەبێ سازان و هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆن و پێکهاتەکانی دیکە کراوە و کۆبوونەوەکە پێچەوانەی یاسای پەرلەمانی کوردستان و ماددەی سێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و بەگوێرەی ئەو رێکار و میکانیزمانە نەکراوە، کە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیارییان کردوون، لەوەی پەیوەندیدارە بە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنی کراوە، ئەوە جگە لەوەی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی تەمەن نەکراوە.
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە کە دادگەی باڵای فیدراڵیی فەرمانسالارییەک دەربکات بۆ راگرتنی سەرجەم بڕیارەکانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان هەتاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە و بڕیارێک دەربکرێت بەوەی دانیشتنەکە نادەستوورییە.
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن محەممەد سلێمان، سەرۆکی پێشووى تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراوە، کە سەر بە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە.
لەو سکاڵایەشدا داوا کراوە کە فەرمانسالاریەکى "خێرا" دەربکرێت بۆ راگرتنی سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە لەو کۆبوونەوەیەدا دراون و کۆبوونەوەکەش بە نادەستووری هەژمار بکرێت.



