رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی شنگال یەکەم نووسراوی تاپۆکردنی خانوویەکی زێدەڕۆی لە قەزاکە دەرکرد.
خالید سەیدۆ، نوێنەری پێکهاتەی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (11ی تشرینی دووەمی 2026)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 20ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە تایبەتە بە خاوەندارێتی و تاپۆکردنی ئەو زەوییە نیشتەجێبوونانەی پێش بەڕێوەچوو سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 دروستکراون بە شێوەیەکی زێدەڕۆ، ئێستا بە نرخێکی گونجاو بەسەریان تاپۆ دەکرێت.
بەگوێرەی نووسراوی شارەوانیی شنگال کە 8ی ئەم مانگە کراوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، پرۆسەکە دوای پەسندکردنی لەلایەن پارێزگاری نەینەوا و بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی پارێزگاکە و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان جێبەجێکراوە. هاوکات، بڕیاری تاپۆکردنەکە دوای ئەوە دراوە کە هاووڵاتیی سوودمەند قیستی یەکەمی شایستە داراییەکانی زەوییەکەی لە کۆی 20 قیست داوە.
لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی شنگال کراوە، داوا کراوە زەوییەکە بە رووبەری 250 مەتر دووجا بەناوی هاووڵاتییەکەوە تۆمار بکرێت بە نرخی 100 هەزار دینار بۆ هەر مەترێک، بە مەرجی دانانی هێمای "قەدەخەی مامەڵەپێکردن" لەسەر موڵکەکە تاوەکو تەواوبوونی سەرجەم قیستەکانی دیکە.

