رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی نووسراوێکەوە شەش پرسیار لەبارەی پرۆژەی وێستگەی وزەی (زەنکار 2) لە ناوچەی سووری ئامەد ئاراستەی ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان کرا.
لەو نووسراوەدا کە سێشەممە 10-11-2026 پێشکەش کراوە، پرسیاری ئەوە کراوە کە ئایا مۆڵەتی کشتوکاڵ و لەوەڕگە وەرگیراوە یان نا، هاوکات پرسیار لەبارەی ئەو کارانەش کراوە کە پێش دەرچوونی بڕیاری دادگە بۆ راگرتنی پرۆژەکە دەستیان پێکراوە.
پرۆژەی (وێستگەی وزە و کۆگاکردنی وزەی زەنکار 2)، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، لەلایەن کۆمپانیای "زەنکار ئینێرجی" لە گەڕەکی کاروانپناری سەر بە ناوچەی سوور پلانی بۆ دانراوە، بەڵام بە بڕیاری دادگە راگیراوە.
سەرهەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد رایگەیاند، رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026 بڕیاری راگرتنی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەرکراوە.
ئێشکگریی گوندنشینان بەردەوامە
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێش دەرچوونی بڕیاری دادگە بۆ راگرتنی پرۆژەکە، لە 21ـی تشرینی یەکەمەوە بە یاوەریی هێزەکانی کۆماندۆ ئامێرەکانی کارکردن براونەتە شوێنی پرۆژەکە و دەست بە کار کراوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ پاراستنی زەویوزار و لەوەڕگەکانیان ئێشکگرییەکی ئاشتییانەیان دەستپێکردووە و بەردەوامن.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی راشیگەیاند، ئایا بەگوێرەی ماددەی 14ـی یاسای ژمارە 4342ـی لەوەڕگە، داواکاری بۆ گۆڕینی مەبەستی تەرخانکردنی زەویی لەوەڕگەکانی ناوچەی پرۆژەکە پێشکەش کراوە؟ هەروەها لیژنەی لەوەڕگە لەو بارەیەوە بڕیاری داوە یان نا؟
لە نووسراوەکەدا داوای وەڵامی ئەوەش کراوە کە ئایا ئەو کارانەی لە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمەوە کراون، بە ئاگاداریی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا بووە یاخود نا؟
پرسیار لەبارەی ئەوەش کراوە کە ئایا پێش تەواوبوونی رێکار و مۆڵەتەکانی کشتوکاڵ و لەوەڕگە دەست بە کار کراوە؟ ئەوەش کە ئەگەر بێ مۆڵەت کار کرابێت، ئایا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کارگێڕی و پشکنین لەبارەی ئەو زیانانەی دروست بوون، دەستی پێکردووە یان نا؟
پرۆژەکە تەرخانکردنی 313 دۆنم زەوی بوو بۆ پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە بە پاساوی ئەوەی پرۆژەکە زیان بە مەڕ و ماڵات و سەرچاوەی بژێویی خەڵکەکە دەگەیێنێت، داوایان کرد بوەستێندرێت.
گوندنشینان دژی ئەو پرۆژەیە وەستانەوە، تەنانەت ئاداری 2026 لەگەڵ هێزی ئەمنی و جەندرمە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. بە جۆرێک بابەتەکە گەیشتە دادگە و ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە وەزیری کشتوکاڵ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرۆژەکە بدات، کە ئایا لە ناوچەکە بکرێت یان نا؟


