رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە) رایگەیاند، ئەو پێکهاتەیەی لە ئامەد بە ناوی "هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان" راگەیێندراوە، "کێشەیەکی گەورەیە" و داوا دەکات رێکاری یاسایی و کارگێڕیی بەپەلەی لەدژ بگیرێتەبەر.
مستەفا دەستیجی، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، کاردانەوەی تووندی بەرامبەر ئەو پێکهاتەیە نیشان دا کە لە 7ـی تشرینی دووەم لە ئامەد لە باکووری کوردستان بە ناوی "هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان" راگەیێندرا و گوتی: "ئەم پێشهاتە تەنیا وەک کۆبوونەوەیەکی سیاسی یان راگەیاندنی پێکهاتەیەکی نوێ نابینین، بەڵکو وەک کێشەیەکی گەورە سەیری دەکەین."
دەستیجی ئاماژەی بەوە کرد، راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانێتییە پرسیاری جدی لەنێو رای گشتیدا دروستکردووە و گوتی: "ئەو دەربڕین و ئامانجانەی بە کێشەیەکی گەورە و پرسێک دەزانین کە پێویستە بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
سەرۆکی بەبەپە ئەو لایەنانەی بە "بازنەی جوداخواز" ناو برد و گوتی، "بێشەرمانە هەوڵیان داوە چەمکە مێژووییەکانی تێکۆشانی سەربەخۆیی گەلی تورک بۆ خۆیان بەکاربهێنن. بە لاساییکردنەوە یان دزینی چەمکەکانی تێکۆشانە مێژووییەکەی ئێمە، مێژوو نانووسرێتەوە. بە تایبەتی لە دەوڵەتی کۆماری تورکیادا کەس رێگەتان پێ نادات ئەمە بنووسنەوە."
دەستیجی رەخنەی لە بێدەنگیی رای گشتی گرت و گوتی، "ئەم بابەتە لە رای گشتیدا زۆر باسی لێوە ناکرێت و بە بێدەنگی تێدەپەڕێندرێت. چونکە پرۆسەیەک هەیە زیانی پێ نەگات. با تورکیا لە تیرۆر رزگاری بێت. بەڵام هیچ کەسێکیش ناتوانێت خەنجەر لە یەکپارچەیی وڵات و یەکێتیی گەل بدات."
مستەفا دەستیجی داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت کرد لێکۆڵینەوە لە ئامانجە راگەیێندراوەکانی ئەو پێکهاتەیە بکەن و رێکاری پێویست دەستپێبکرێت.
لە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسیی باکووری کوردستان لە کۆنفرانسێکدا لە ئامەد، پێکهاتەیەکی نوێیان بە ناوی "هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان" راگەیاند.
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی جیاوازی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا لێکەوتووەتەوە.
لێدوانەکانی دەستیجی، کە پارتەکەی بەشێکە لە "هاوپەیمانیی جمهور" لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە، وەک یەکەم کاردانەوەی تووندی لایەنە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا بەرامبەر بەم پێشهاتە نوێیە هەژمار دەکرێت.


