رووداو دیجیتاڵ
ئەو بریکارانەی کە پار نەوتیان وەرنەگرتووە، نووسراوێکیان ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی کردووە بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتی هاونیشتمانییان. بەرێوەبەری گشتیی بازرگانیش دەڵێ، داواکەیان گەیێندراوەتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە دڵنیایی نەوت بەوانە دەدرێت کە پار وەریان نەگرتووە.
عەباس ئەحمەد، بریکاری دابەشکردنی خۆراکە لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "لەگەڵ 6 بریکاری دیکە نووسراوێکیان ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی کردووە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ لە کاتی دابەشکردنی نەوت پێش نۆرە بۆ ئەو بریکارانە بێت کە پار نەوتیان وەرنەگرتووە.
رۆژی چوار شەممە 11 ی تشرینی دووەمی 2026 نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند:" ژمارەیەک بریکاری دابەشکردنی خۆراک داواکارییان پێشکێش کردووین بۆ پێدانی بەشە نەوتی ماڵان، ئێمەش پشتگیری داواکەیان دەکەین.
هەروەها دەڵێت:" هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان کردووە کە ئەم ساڵ ئەگەر نەوت لە سەنتەری شار دابەش بکرێت، سەرەتا ئەو بریکارانە نەوتیان پێبدرێت کە پار سوود مەند نەبوونە.
لەبارەی کاتی دابەشکردن و ئەو بڕەی دابین کراوە گوتی: "تاوەکو ئێستا بەرچاوڕوونیمان نییە لەسەر بڕەکە و چۆنیەتی دابەشکردنەکەی، بەڵام هەرکاتێک نەوت هەبێت راستەوخۆ دەست بە دابەشکردن دەکەین."
لە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵانی لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە و موسەننا و چەند شارێکی دیکە دەستپێکردووە هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی بە بڕی 15 هەزار دینار پێدەدرێت و هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان هێشتا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان نەکراوە.


