رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی بەناوبانگی (چاتەم هاوس)ی بەریتانی لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداری لەبارەی داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیێنێت، بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و شکستهێنان لە پێکهێنانی کابینەی نوێ دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، مەترسییەکی رژد لەسەر قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
راپۆرتەکە کە لەلایەن وینسرۆپ رۆجەرز، توێژەری باڵا لە پەیمانگەکە ئامادە کراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کێشەی سەرەکی تەنیا دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان نییە، بەڵکو رووخانی رێککەوتنی ستراتیژیی ساڵی 2006ی نێوان هەردوو حیزبەکە و نەمانی دیدگای هاوبەشە بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات؛ ئەمەش وای کردووە هەرێمی کوردستان بە کردەیی بەسەر دوو ناوچەی جیاوازدا دابەش بێت، پارتی دەسەڵاتداری هەولێر و دهۆکە و یەکێتییش لە سلێمانی و هەڵەبجە باڵادەستە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باسی پڕۆژەکەی یەکێتی بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بۆ ئاستی پارێزگاکان کراوە، کە ئیلهامی لە سیستمی کانتۆنەکانی سویسرا و ئیمارات وەرگرتووە. چاتەم هاوس روونی دەکاتەوە، پارتی دژی ئەو پلانەیە و جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەش بە واتای بەفەرمیکردنی دووئیدارەیی دێت لە هەرێمی کوردستان، کە گورزێکی گەورە لە دامەزراوە نیشتمانییە هاوبەشەکان دەوەشێنێت.
لە رووی نێودەوڵەتییەوە، ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە لە کاتێکی هەستیاردا روودەدات، چونکە هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا و دوای 12 ساڵ لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کشانەوەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، هاوکات دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ئەورووپا لە رۆڵی نێوەندگیر بێهیوا بوون.
چاتەم هاوس هۆشداری دەدات کە ئەم بۆشایی و دابەشبوونە، دەرفەت دەداتە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت بەغدا کە بە شێوەیەکی فراوانتر دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدەن و گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانیان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی کوردستان چڕتر بکەنەوە.



