رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنێکی پارێزگارێکی نوێی تورکمان لە وادەی دیاریکراوی خۆی ناکرێت و دوادەکەوێت.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ( 11ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کاژێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا، ئەوە لەکاتێکدا بڕیار بوو کاژێر 4ی عەسر کۆبوونەوە بکرێت.
لەبارەی هۆکاری دواکەوتووە، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هۆکارەکەی نازانین".
لە بانگهێشتەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە شەوی رابردوو دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوت، هاتووە: "پشتبەستن بە مادەی 38/ یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بانگهێشتی جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن دەکرێ بۆ بەستنی دانیشتنی بەپەلە (نائاسایی)ـی ژمارە 28 لە کاژێر 4:00ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن، بە مەبەستی کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک."
سەبارەت بە بەربژێرانی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستەکە، پەروین فاتیح ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێو بەرەی تورکمانیدا ناوی دوو بەربژێر ناویان دێت، ئەوانیش ماردین گۆک کایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانین؛ روونیشیکردەوە کە دەگوترێت قەحتان وەنداوی بەربژێری سەرەکییە، بەڵام تاوەکو دوایین ساتەکان ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە.
لەبارەی ئەحمەد رەمزی، کە پێشتر وەک یەکێک لە بەربژێرەکان ناوی دەهات، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا گوتی: "ئەحمەد رەمزی لە بەربژێربوون کشاوەتەوە، چونکە وەک ئەندامی ئەنجوومەن دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەو هاووڵاتییە ببێتە پارێزگار، بەهۆی رێککەوتنەکانەوە کەمتر لە دوو مانگ لە پۆستەکە بەردەوام دەبێت و دواتر پۆستەکە دەدرێتەوە پێکهاتەی عەرەب، بۆیە پێی باش نەبووە بۆ ئەو ماوە کورتە پۆستی ئەندامێتیی ئەنجوومەن لەدەستبدات."
رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد. رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سەمعان لە پەرلەمانی عێراق بە وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووریی خوارد.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێ: کورد خاوەنی 7 کورسییە (5 کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی)، پێکهاتەی عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی، هەروەها کورسییەکی کۆتای کریستیان کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لەلایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا. رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد.

