رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، 10 شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکە هیچ کتێبخانەیەکی گشتییان نییە. دەشڵێت، دابینکردنی کتێبخانە بۆ ئەو شارۆچکانە و پەرەپێدانی ژێرخانی کتێب خوێندنەوە لەپێشینەی کارەکانیانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، مەعسوومە حەسەنی خانسار، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنە، بە بۆنەی هەفتەی کتێب لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان، دەستپێڕانەگەیشتنی خەڵکی هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگاکەیە بە کتێبخانە؛ بە جۆرێک 10 شارۆچکە لەسەر ئاستی پارێزگا لە کتێبخانەی گشتی بێبەشن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنە، بەدواداچوونی پێویست بۆ نەهێشتنی ئەم کەموکوڕییە کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
مەعسوومە حەسەنی خانسار گوتی، لە چەند شارۆچکەیەک دەست بە دروستکردنی باڵەخانەی کتێبخانەی گشتی کراوە، بەڵام بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەوە تەواو نەکراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو شارۆچکانەی سەر بە پارێزگای سنە کە کتێبخانەی گشتییان نییە، بریتین لە شوێشە و بڵواناوا لە دێوڵان، مالۆجە لە قوروە، چنارە لە مەریوان، پیرتاج و تۆپ ئاغاج لە بیجار، زەرینە و هەزارکانیان لە دیواندەرە، سەیرانبەن لە بانە و شارۆچکەی سنتە لە سەقز.
مەعسوومە حەسەنی خانسار دەڵێت، لە سنووری پارێزگای سنە، 56 کتێبخانەی گشتی هەن، کە سەرجەمیان یەک ملیۆن کتێبیان تێدایە.


