رووداو - رادیۆ
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە 325 هەزار دینار.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەوتی کواڵیتی بەرز بە کۆ بەرمیلی بە 315 هەزار دینارە، بەمەش بە کرێی گواستنەوەوە بە 325 بۆ 330 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان لە هەولێر."
لە شارەکانی دیکەش بەهەمان شێوە نرخەکان بەرزبوونەتەوە؛ لە سلێمانی بەرمیلێک بە 325 هەزار دینارە و لە هەڵەبجەش گەیشتووەتە 320 هەزار دینار. کۆرش گۆران، فرۆشیاری نەوت لە هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "بەهۆی هاتنی سەرما و زیادبوونی خواست، رۆژانە نرخەکەی روو لە هەڵکشانە."
هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی حکومی بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەش نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پار لەم کاتانەدا نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بە نرخی 104 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابەشکرابوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، 268 ملیۆن و 710 هەزار لیتر نەوت بۆ یەک ملیۆن و 343 هەزار و 553 خێزان دابین بکات. لەو چوارچێوەیەشدا، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنی داوە هەوڵی تەواو بدات بۆ ناردنی نەوتەکە.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وادە و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی نەوت نییە و چاوەڕێی رێنماییەکانی وەزارەتین."


