رووداو - رادیۆ
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی لە کاتی گەشت و سەیراندا دار دەبڕن و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە رێگەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆوە هاوکاریان بن، تاوەکو بە پێژاردنی دارایی سزای سەرپێچیکاران بدەن.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، لە وەڵامی گلەییی هاونیشتمانییان لەبارەی بڕینەوە و شکاندنی دارەکان لە ناوچەی گۆمەسپان لە رۆژانی هەینیدا بۆ مەبەستی ئاگرکردنەوە، گوتی: "سنووری پارێزگای هەولێر زۆر فراوانە و پاراستنی ژینگە بەرپرسیارێتیی هەمووانە، لەوانە فەرمانگەی ژینگە، پۆلیسی دارستان و ژینگە و تەنانەت خودی هاونیشتمانییانیش؛ بۆیە پێویستە خەڵکیش هاوکارمان بێت."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان کرد، هەر کاتێک کەسانێکیان بینی دار دەشکێنن یان دەیبڕن و دەیبەن، وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکە و ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بگرن و بۆ فەرمانگەی ژینگەی بنێرن.
دڵشاد حسێن جەختی لەوە کردەوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دارستان و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەکرێت و بە سزای دارایی (پێژاردن) لە بەرامبەر ئەو زەرەرەی بە سرووشتیان گەیاندووە سزا دەدرێن.

