رووداو دیجیتاڵ
سبەی پێنجشەممە، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکان لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، کاروان حاجی سەعید، ئەندامی خولی چوارەمی فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی کاژێر 11:00 بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک فێستیڤاڵەکە بکرێتەوە، رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە بەشداربووان و بەرهەمە نمایشکراوەکان، کاروان حاجی سەعید گوتی: "ئەم ساڵ 100 کەپرمان ئامادە کردووە، 76یان بە جووتیاران دراون و ئەوانی دیکەش بۆ نمایشکردنی کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکانن؛ لە فێستیڤاڵەکەدا تەحین، هەنگوین، برنج، قەیسی، بەرهەمە وشککراوەکان، شیرەمەنی، هەنار و سەرجەم بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە نمایش دەکرێن."
ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، ئەم ساڵ گۆڕانکاری لە شوێنی فێستیڤاڵەکەدا کراوە و گەورەتر کراوە، رێگەکانی هاتن و چوون لە یەکتر جیاکراونەتەوە، شەقامەکان چاککراون و شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێلیش فراوان کراوە، هاوکات هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هاتووچۆ کراوە بۆ رێکخستنی هاتنی هاونیشتمانییان و گەشتیاران.
لە فێستیڤاڵەکەدا تەحین، هەنار، هەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و بەرهەمی دیکە نمایش دەکرێن. کاروان حاجی سەعید گوتی: "نرخی کیلۆیەک تەحین بە 10 هەزار دینار دەبێت."
تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، کە ساڵانە نزیکەی 240 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
یەکەمجار، 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو.


.jpeg&w=3840&q=75)

