رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو لە گەڕەکی بەهاری نوێ لە شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، برایەک لەنێو ماڵەکەیدا دەستڕێژی گولـلـەی لە برایەکی بچووکتری کردووە و بە 15 گوللە کوشتوویەتی.
بە گوتەی کەسوکارەکەیان، کوژراوەکە ناوی (پ. م) و تەمەنی 35 ساڵە و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر بووە، بکوژەکەش برای گەورەیەتی و تەمەنی 37 ساڵە.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە، کەسوکارەکەی بە رووداویان راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی سێشەممە، برا بچووکەکە بەهۆی کێشەیەکەوە لە برازاکەی خۆی (کوڕی بکوژەکە) تووڕە بووە؛ دواتر منداڵەکە رووداوەکەی بۆ باوکی گێڕاوەتەوە و ئەویش بە چەکەوە چووەتە سەر ماڵی براکەی و دوای دەمەقاڵێ، دەستبەجێ 15 گوللەی پێوە ناوە و کوشتوویەتی."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەو دوو برایە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەبووە و لە رابردووشدا چەند جارێک تەقەیان لە یەکدی کردووە.
تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی، بکوژەکە دوای تاوانەکە هەڵاتووە، بەڵام دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئاسایشی هەولێردا دەستگیرکراوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

