رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سووریا بە رووداوی راگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بانگهێشت کراوە بۆ هەردوو لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا و لووتکەی ناتۆ لە تورکیا.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، شەرع بەشداری لە کۆبوونەوەکەی گرووپی حەوتدا ناکات، بەڵام ئەگەری هەیە بچێتە لووتکەی ناتۆ، کە لە پەراوێزی لووتکەکەدا ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئارادایە.
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، هێشتا شەرع بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردنی نەداوە.
52ـەمین لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە نێوان 15 بۆ 17ی حوزەیرانی 2026 لە شاری ئێڤیان لێ بێن لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. لەم کۆبوونەوەیەدا کە فەرەنسا میوانداری دەکات، سەرکردەکانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە گرنگەکانی ئاسایشی جیهانی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکی.
لووتکەی ناتۆش لە رۆژانی 7 و 8ی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرەی تورکیا میوانداریی دەکرێت کە گەڕی 36ـەمینە. ئەوە دووەم جارە کە تورکیا میوانداریی لووتکەیەکی لەو شێوەیە بکات، دوای لووتکەکەی ئیستەنبووڵ لە ساڵی 2004 دا.




