رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی گوندەکانی منداڵان (SOS) لە سووریا رایدەگەیێنێت، 16 منداڵی عێراقی کە لە کاتی ململانێکانی سووریادا بە زۆر لە خێزانەکانیان دابڕێندراون و رادەستی خانەکانی چاودێری کراون، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە. کۆمەڵەکە ئاشکرای دەکات، ئەو منداڵانە لە ئەنجامی شاڵاوی گرتنی خێزانەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی سووریاوە، لە کەسوکاریان جیاکراونەتەوە.
لە وەڵامی پرسیارەکانی محەممەد عیسا، ئیدیتۆر لە بەشی عەرەبیی تۆڕی میدیایی رووداو، نووسینگەی راگەیاندنی کۆمەڵەی (SOS) رایگەیاند، ئەو منداڵانە لە نێوان کۆتایی ساڵی 2013 و سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2014دا گەیێندراونەتە لای ئەوان.
وردەکاریی دابڕانی منداڵەکان
کۆمەڵەی SOS کە رێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتییە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای وردبینییەکی گشتگیر لە تۆمارە فەرمییەکاندا دەرکەوتووە، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2022، کۆی گشتی 140 منداڵیان لە نەتەوە جیاوازەکانی (سووری، عێراقی و رووسی) وەرگرتووە. ئەو منداڵانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان لە دیمەشق و لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە رەوانەی کۆمەڵەکە کراون.
لەو 140 منداڵە، 124یان بە سەرکەوتوویی شوێنپێیان هەڵگیراوە و دڵنیایی دراوە کە لە ژیاندا ماون و لە ژینگەیەکی خێزانیی ئارامدا دەژین، بەڵام 16 منداڵە عێراقییەکە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
ناسنامە و تەمەنی منداڵەکان
بەپێی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵەکە، زانیارییەکان دەربارەی ئەو 16 منداڵە بەم جۆرەیە:
- رەگەز: 12 کوڕ و 4 کچ.
- تەمەن: لەدایکبووی ساڵانی نێوان 1997 بۆ 2011.
- خێزان: منداڵەکان سەر بە شەش خێزانی جیاوازن.
- نەتەوە: باوکی هەموو منداڵەکان عێراقین، بەڵام بەهۆی کەمیی زانیاری لە تۆمارە فەرمییەکاندا، ناتوانرێت نەتەوەی دایکیان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.
- شوێن: لە تۆمارەکاندا تەنیا ئاماژە بەوە کراوە کە خەڵکی "عێراق"ن، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ پارێزگایەکی بە دیاریکراوی بهێنرێت یان ئەو پارێزگایانەی سووریا تێدابێت کە خێزانەکانیانی تێدا دەستگیرکراوە.
کۆمەڵەی SOS ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی "سیاسەتی تووندی پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنیی زانیارییەکان"، ناتوانن ناوی منداڵەکان ئاشکرا بکەن، ئاشکراکردنی ناوەکانیش تەنیا لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت.
کۆمەڵەی گوندەکانی منداڵانی (SOS) لە ساڵی 1975 لە سووریا دامەزراوە و لقێکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی SOSـە کە لە 136 وڵاتی جیهان کار دەکات، بۆ چاودێریکردنی منداڵانی بێسەرپەرشت و ئەوانەی لە خێزانەکانیان دابڕاون.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی کۆمەڵەی گوندەکانی منداڵان SOS لە سووریا:
رووداو: سەرەتا دەمانەوێت روونکردنەوەیەکمان بدەنێ سەبارەت بەو منداڵانەی بە زۆر لە خێزانەکانیان دابڕێندراون؛ لە چ بارودۆخێکدا و لە چ ساڵانێکدا جیاکراونەتەوە؟ ژمارەیان چەندە و رەگەزنامەیان چییە؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: لە ماوەی ساڵانی ململانێ لە سووریا، وڵاتەکە شاڵاوێکی فراوانی دەستگیرکردنی خێزان و منداڵانی بەخۆوە بینی لەلایەن رژێمی پێشووەوە، ئەمەش بووە هۆی دابڕانی ژمارەیەک منداڵ لە کەسوکاریان و ناردنیان بۆ خانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، لەوانەش کۆمەڵەی گوندەکانی منداڵانی SOS . دوای وردبینییەکی گشتگیر لە سەرجەم تۆمار و بەڵگەنامە فەرمییەکان، دەرکەوتووە کە کۆمەڵەکەمان 140 منداڵی وەرگرتووە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشق و لەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2022 بۆمان نێردراون. ئەو منداڵانە رەگەزنامەی جیاوازیان هەبووە، لەوانە: سووری، عێراقی و رووسی. تاوەکو ئێستا توانراوە شوێنپێی 124 منداڵ هەڵبگیرێت و هەموو ئەوانەی گەیشتووینەتە لایان، لە دۆخێکی باشدان و لە ژینگەیەکی خێزانیدا دەژین.
رووداو: کێ بەرپرس و تۆمەتبارە لە دابڕانی ئەو منداڵانە لە کەسوکاریان؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: ئەم دۆسیەیە لەژێر وردبینی و لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە، کۆمەڵەی ئێمە دەسەڵاتی ئەوەی نییە لایەنێکی دیاریکراو بە بەرپرس بزانێت یان ناویان بهێنێت. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی یاسایی و فەرمیدایە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچێت.
رووداو: چەند منداڵی عێراقی لەناو ئامارەکانتاندا هەن؟ لە چ بارودۆخێکدا لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: وردبینی لە بەڵگەنامە فەرمییەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە 16 منداڵی عێراقی (12 کوڕ و 4 کچ) لەناو ئەو حاڵەتانەدا بوون. ئەو منداڵانە کە سەر بە 6 خێزانی جیاوازن، لە چوارچێوەی هەمان ئەو بارودۆخە گشتییەی پەیوەستە بە دەستگیرکردنی خێزانەکان لە کاتی شەڕدا، بە زۆر لە کەسوکاریان جیاکراونەتەوە و ڕادەستی خانەکانی چاودێری کراون. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی ڕادەستکردنیان بە ئێمە لە نێوان کۆتایی ساڵی 2013 و سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2014دا بووە.
رووداو: ئایا زانیاریتان هەیە کە خەڵکی کام پارێزگای عێراقن؟ ناویان و تەمەنیان دەزانن؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: ئەو زانیارییانەی لای ئێمە بەردەستن ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو منداڵانە بە گشتی "عێراق"ـە، بێ ئەوەی زانیاریی وردمان لەسەر پارێزگاکان هەبێت. سەبارەت بە زانیارییە کەسییەکان، کۆمەڵەکە ناو و تەمەن و هەندێک وردەکاریی سەرەتایی لایە، بەڵام ئاشکراکردنیان پابەندە بە سیاسەتێکی توند بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنیی زانیارییەکان، ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
رووداو: ئایا ئەو منداڵانە دایک و باوکیان هەردووکیان عێراقین، یان تەنیا یەکێکیان؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: پشتبەستن بەو زانیارییە سنووردارانەی لە بەڵگەنامەکانی ڕادەستکردندا هەن (کە تەنیا ناو، ناوی باوک، ناوی دایک، مێژووی لەدایکبوون و وڵاتی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت)، پشتڕاستکراوەتەوە کە هەموو باوکەکان رەچەڵەکیان عێراقییە، بەڵام سەبارەت بە رەگەزنامەی دایکیان، ناتوانرێت بە وردی پشتڕاست بکرێتەوە چونکە زانیاریی پێویست لە تۆمارە فەرمییەکاندا نییە.
رووداو: ئایا بۆ گەیشتن بەو منداڵانە، هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق یان هیچ لایەنێکی فەرمیی عێراقی دەکەن؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: بەڵێ، کۆمەڵەکە بەردەوام کار بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان دەکات، لەوانەش باڵیۆزخانەی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لە دۆخی منداڵەکان و سەلامەتییان لەناو ژینگەیەکی خێزانیدا.
رووداو: ئایا هەوڵەکانتان منداڵانی ناو کەمپەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ئەوانەشی لە گرتووخانەکانی رژێمی پێشوو بوون دەگرێتەوە؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: هەوڵەکانی کۆمەڵەکە بە پلەی یەکەم جەخت لەسەر ئەو منداڵانە دەکاتەوە کە لەناو پڕۆگرامەکانی خۆماندا نیشتەجێ کراون. لە هەمان کاتدا، کۆمەڵەکە لاریی نییە لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆسیە هاوشێوەکاندا لە کاتی پێویستدا، بۆ پاراستنی مافی منداڵان.
رووداو: دەکرێت تەمەنی منداڵەکانمان بۆ روون بکەنەوە؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: لە کاتی وردبینیی زانیارییەکاندا، پشتڕاستکراوەتەوە کە مێژووی لەدایکبوونی ئەو منداڵانە لە نێوان ساڵانی 1997 بۆ 2011یە.
رووداو: چارەنووسی ئەو منداڵە عێراقییانەی تاوەکو ئێستا شوێنپێیان هەڵنەگیراوە چییە؟
کۆمەڵەی SOS لە سووریا: پڕۆسەی بەدواداچوون بۆ منداڵان یەکێکە لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی لیژنەی بەدواداچوون لە کۆمەڵەکەمان. هەوڵەکان جەخت لە گەیشتن بە منداڵەکان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان دەکەنەوە، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا لەلایەن ئەو دەزگا ئەمنییانەی پێشتر ڕادەستی ئێمەیان کردوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ لای کەسوکاریان یان نا. چونکە هێشتا پڕۆسەی بەدواداچوون بۆ ئەو منداڵانە تەواو نەبووە، ناتوانین لە ئێستادا چارەنووسیان بە بڕیارێکی کۆتایی رابگەیێنین، بەڵام بەڵێن دەدەین کە هیچ درێغییەک نەکەین لە گەڕان بەدوایاندا تاوەکو دڵنیا دەبینەوە کە لە ژینگەیەکی ئارامدان.
داڕشتنەوە: مالیک محەممەد



