رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی 500 مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بە ئۆکراینا دەربڕیوە، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دەدات لەوەی رەنگە رادەستکردنی مووشەکەکان چەندین ساڵ بخایەنێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەری رەوانەی کۆنگرێس کراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی کیێڤ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام هۆشدارییان دەدا لە کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆگاکانی مووشەکی بەرپەرچدانەوە لە وڵاتەکەیاندا.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "فرۆشتنی ئەم چەکانە توانای ئۆکراینا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو لە رێگەی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکییەوە بەرز دەکاتەوە؛" هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە خزمەت بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات، ئەوەش بە پاڵپشتیکردنی وڵاتێکی هاوبەش کە فاکتەری سەقامگیرییە لە ئەورووپا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، پارەی کڕینی مووشەکەکان لەلایەن هاوپەیمانانی کیێڤەوە دابین دەکرێ.
وەزارەتی دەرەوە هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ گەیشتنی چەکەکان ئاشکرا نەکردووە. لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی خۆی دەربڕی و نووسی: "رەنگە گەیاندنی چەکەکان تەنیا دوای چەند ساڵێکی دیکە دەستپێبکات."
زیلینسکی داوای لە واشنتن کرد چارەسەرێکی کاتی بدۆزێتەوە و پێشنیازی کرد کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکان ئێستا لە کۆگاکانی خۆیان مووشەکی پاتریۆت بە ئۆکراینا بدەن، تاوەکو دواتر بە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە نوێیە شوێنەکانیان پڕبکرێتەوە.
مووشەکی پاتریۆت بە یەکێک لە کاریگەرترین و سەرەکیترین چەکەکانی کیێڤ دادەنرێ بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکانی رووسیا.
پەسندکردنی ئەم گرێبەستە نوێیە دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کیێڤ دێت. سەرەتای ئەم مانگە واشنتن رێککەوتنێکی بۆ کڕینی سووتەمەنیی گازوایل لەگەڵ رووسیا واژۆکرد، لە کاتێکدا کیێڤ گلەیی لە خاوکردنەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و سنووردارکردنی هاوبەشیپێکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەکرد.
پەسندکردنی ئەم گرێبەستە سەربازییە لە کاتێکدایە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی گرووپی 20 لە ئەمریکا، ستایشی لێکتێگەیشتنی ئیدارەی نوێی ئەمریکای لەبارەی قەیرانی ئۆکراینا کرد؛ لاڤرۆڤ پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدابوو کە دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و مووشەکی مەودادروور بۆ کیێڤ، کەشوهەوای گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان و کۆبوونەوە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی داهاتووی ئەبووزەبی تێکدەدات.



