رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەى هەفتەی داهاتوو دەیان پەنابەری ئەفغانی دیپۆرت بکاتەوە، لە نێویاندا کەسوکاری ئەو ئەفغانییانە هەیە کە لە ماوەی شەڕی بیست ساڵەی ئەمریکادا شانبەشانی سوپای ئەو وڵاتە کاریان کردووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگا کە میدیای ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەی دیپۆرتکردنەوەکە هەفتەی داهاتوو بەرەو پاکستان دەفڕێت و لەوێشەوە ئەو پەنابەرانە راستەوخۆ رادەستی ئەفغانستان دەکرێنەوە. پارێزەران و چالاکڤانانی پەنابەریی ئاشکرایان کردووە کە سەتان ئەفغانی لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) لە ویلایەتی لویزیانا راگیراون، کە بە ناوەندی سەرەکیی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دیپۆرتکردنەوە دادەنرێت.
چارلۆت مۆیال، هاوسەری یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، هاوسەرەکەی زیاتر لە ساڵێکە لە گرتووخانەی پەنابەران دایە و بەم دواییانە لە پێنسلڤانیاوە گواستراوەتەوە بۆ لویزیانا، هەروەها ئاگادار کراوەتەوە کە هەفتەی داهاتوو لە ئەمریکا دەردەکرێت.
ڕێکخراوەکانی بەرگری لە کۆچبەران هۆشداری دەدەن لەوەی گەڕاندنەوەی ئەم کەسانە بۆ ئەفغانستان مەترسیی راستەقینەی لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدانی لەسەرە. شۆن ڤان دیڤەر، سەرۆکی رێکخراوی (ئەفغان ئیڤاک - AfghanEvac) کە تایبەتە بە پشتیوانیکردنی ئەو ئەفغانییانەی لە کاتی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2021 رزگار کران، رایگەیاند خێزانی دەستبەسەرکراوەکان لەوپەڕی ترسدان و گوتی: "هەر کەسێک بنێردرێتەوە بۆ ئەفغانستان، ژیانی لە مەترسیدایە و رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان دەبێتەوە."
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە رێکارە یاساییەکان کرد و گوتی: "هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی سنوور و پرۆسەکانی کۆچبەریی خۆی بە شێوەیەک بەڕێوەببات کە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی خۆی دەستەبەر بکات."
ئەم بڕیارە کاردانەوەی تووندی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا بەدوای خۆیدا هێنا؛ سکۆت پیتەرز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە حیزبی دیموکرات، رەخنەی لە ئیدارەی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "ئەو ئەفغانییانەی لە تەنیشت سەربازانی ئەمریکی وەستابوون لەگەڵ خێزانەکانیان بە بێدەنگی دەخرێنە ناو فڕۆکەیەکەوە بۆ پاکستان، تاوەکو لەوێوە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان." گوتیشی: "ئەگەر ئەم ئیدارەیە ئەم کارە بکات، هاوپەیمانە بێدەرەتانەکانمان رووبەڕوووی مەرگ دەکەینەوە. ئەمە دڕندەییەکی پەتییە و رەنگدانەوەی بەهاکانی ئێمە نییە، پێویستە ئەم بڕیارە دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە."
لە کشانەوەی پڕ شڵەژانی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ئابی 2021دا، واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە رێگەی پرۆسەی بەپەلەی "پەناگەی هاوپەیمانان" توانییان زیاتر لە 120 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی کابولەوە بگوازنەوە، کە نزیکەی 76 هەزار بۆ 80 هەزار کەسیان ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانە بوون کە وەک وەرگێڕ، شۆفێر و کارمەندی مەدەنی هاوکاریی سوپای ئەمریکا و نێردە دیپلۆماسییەکانیان کردبوو.
زۆربەی ئەم کۆچبەرانە سەرەتا بە پێگەی "کاتیی مرۆیی" بردرانە ئەمریکا و لە بنکە سەربازییەکاندا نیشتەجێ کران بەو هیوایەی لە رێگەی ڤیزەی تایبەتی کۆچبەری (SIV) مافی مانەوەی هەمیشەیی وەربگرن، بەڵام سستیی رێکارە بیرۆکراتی و یاساییەکان بووە هۆی ئەوەی هەزارانیان لە دۆخێکی نادیاری یاساییدا بمێننەوە.
پێش رووداوەکانی کشانەوەی 2021، ژمارەی ئەفغانییە نیشتەجێبووەکانی ئەمریکا بە نزیکەی 130 هەزار بۆ 140 هەزار کەس دەخەمڵێنرا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلەکانی چەند ساڵی دوایی، ژمارەی رەوەندی ئەفغانی لە ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 200 هەزار کەس.



