رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل دا بۆ سەر بارەگایەکیان لە شاری مێهران، 22 ئەندامی هێزەکانیان کوژران.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، عەلی نەدرخانی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بارەگایەکی هێزی پاسەوانی سنوور لە شاری مێهران کە دەکەوێتە گۆڕەپانی ئیمام خومەینی شارەکە، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە 22 کەس لە هێزەکانیان کوژراون.
بە گوتەی نەدرخانی، لە هێرشەکەدا 21 کەسی دیکە بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەکان گوێزرانەوە.
نەدرخانی گوتیشی، بەهۆی هێرشەکەوە بارەگەکە خاپوور کراوە و زیانێکی زۆریش بە باڵەخانەکانی دەورووبەری بارەگا سەربازییەکە کەوتووە.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی فراوان و هاوبەشیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و پێ ناوەتە رۆژی دووەمەوە. لە هێرشەکاندا چەندین ناوەندی هەستیاری ئێران کراونەتە ئامانج و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.



.jpg&w=3840&q=75)